وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ: تاران چاوەڕوانی هەولە بەکردەوەییەکانی ئەمریکا لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئیرانە و ڕاوەستانی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران گڕێدراوە بە لاچوونی گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی دەوڵەتی جۆ بایدێن بەپێچەوانەی نییەتپاکییە و ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێران لاببا، ئەوە بە خێراترین کات ڕێککەوتن بۆ دووبارە کردنەوەی بەرجام لە ڤییەن دەکرێ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: لەو کاتەوە کە ئەمریکا ڕێککەوتنی بەرجامی بەجێهێشتووە تا ئێستا هیچ وتووێژێک لەنێوان ئێران و ئەمریکادا نەکراوە؛ ئەمریکا دەبێ پێبەند بێ بە بەڵێنە ناوکییەکانی و تاران تەنیا کاتێک گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام قەبووڵ دەکا کە بە ئێران بسەلمێندرێ کە بە ڕاستی ئەمریکا دەیهەوێت ببێتە بەشێک لەو ڕێککەوتنە و هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران لادەبا.