“حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان”، بە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستە پێشووەکانی ڕێژیمی ئێران داوای ١٠ میلیارد دۆلار لە پارە دستبەسەرگیراوەکانی ئێران لە ئەمریکا دەکات.
“حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان”، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، لە لێدوانێکدا باس لە مەرجەکانی گەڕانەوە بۆ بەرجام دەکات و دەڵێ ئەمریکا ئەگەر بیهەوێ بگەڕێتەوە بۆ بەرجام ئەم هەمووە مەرجەی پێویست نییە و تەنیا بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک دەتوانن بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی کە ترامپ لە بەرجام چووە دەرەوە؛ ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی ئەمریکا بۆ ئەوەی نیازپاکیی خۆی بسەلمێنێ، دەبێ بڕی ١٠ میلیارد دۆلار لە پارە دەستبەسەرگیراوەکانی ئێران بداتەوە بە ڕێژیم و کۆماری ئیسلامی تەنیا لەو کاتە دایە کە متمانە بە ئەمریکا دەکات.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، کاردانەوەی نەرێنی وڵاتانی ڕۆژاوایی بەدواوە بووە و ڕایانگەیاندووە کە ئێران دەبێ بە هیچ پێشمەرجێک بگەڕێتەوە بۆ دانوستانە ناوکییەکان.
جێی ئاماژەیە کە لە ڕاپۆرتی دەوڵەتی “جۆ بایدێن” بۆ کۆنگرە، ئاماژە بەوە کرابوو کە گەمارۆکانی دەوڵەتی ترامپ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی ڕێژیمی ئێران بووە و لە ماوەی یەک ساڵدا ئابووری ئێران ١٨ میلیارد دۆلار بچووکتر بووەتەوە و لە حاڵی داڕمانی یەکجارەکی دایە.