وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا لە شارۆمەندانی ئیماراتی دەکات کە بە زووترین کات وڵاتی لوبنان بەجێبهێڵن.
“خالیدعەبدوڵا بێلهول” هاریکاری وەزیری دەرەوەی ئیمارات جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە لەبەر پاراستنی سڵامەتیی شارۆمەندانی ئیماراتی لە دەرەوەی وڵات بەهۆی ناڕوونی و یەکلانەبوونی هەڵوێستی بەرپرسانی لوبنانی و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان، ئامادەکاری گەڕانەوەی خێرای شارۆمەندانی ئیماراتی دەکات بۆ وڵاتی ئیمارات.
شایانی باسە کە دوای وتەکانی وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان سەبارەت بە پشتگیری لە حووسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، وڵاتی عەرەبستان باڵوێزی خۆی لە لوبنان بانگ کردەوە و باڵوێزی لوبنانیشی لە عەرەبستان دەرکرد، دوابەدوای هەڵوێستی عەرەبستان، وڵاتانی بەحرەین، کوەیت و ئیماراتیش بە هاوئاهەنگی باڵوێزەکانی خۆیان لە لوبنان بانگ کردەوە.