دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕایگەیاند کە، میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە دوو مووشەکی بالستیکی دروستکراوی ئێران، لە پارێزگای “مەرئەب” هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و زیات رلە ٢٩کەس مەدەنی بوونەتە قوربانی.
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “مەعمەر ئەلڕیانی” وەزیری زانیاریی دەوڵەتی یەمەن، لە تویتێری خۆیدا نووسی: میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە بەکارهێنانی دوو مووشەکی بالستیکی دروستکراوی ئێران، مزگەوتێک و ناوەندێکی پەروەردەییان لە ناوچەی نیشتەجێبوونی “ئەلعمود”ـی سەر بە شاری ئەلجوبە لە باشووری پاریزگای مەرئەب کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا زیاتر لە ٢٩ کەسی مەدەنی و لە نێویاندا ژن و منداڵ کوژراون.
ناوبراو ئەو هێرشەی بە کوشتارێکی مەترسیدار ناوبرد و وتی: میلیشیا حووسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا وەکوو کردەوەی تێرۆریستی هاووڵاتییانی مەدەنیی پاریزگاکانی “مەرئەب” و “تەعەز”ـیان ڕاستەوخۆ بە گولـلە لە ماڵەکانی خۆیاندا کوشتوون و لە هەموو مزگەوت و دامەزراوە دەوڵەتییەکان تەقینەوە دادەنێنەوە و ئەوەش تەنیا کردەوەیەکی تێرۆریستی و ترسنۆکانەیە و لەو کارەساتانەدا کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ.