سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەوڵە تێکدەرانەکانی ئێران بەتایبەتی هێرشی دڕۆنی ئەو رێژیمە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێوڵام نابێ.
جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا شەوی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش کۆتایی کۆبوونەوەی گرووپی ٢٠ لە ڕۆم، لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاند کە وتووێژە ناوکییەکان بۆ بووژانەوەی رێککەوتنی ناوکیی، گڕیدراوە بە ئاکار و کرداری ڕێژیمی ئێران و ویستی وڵاتانی هاوپەیمانمان لە ناوچەکە و جیهاندا.
ناوبراو هەروەها لە درێژەدا وتی: ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە بۆ درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئەوە ئێران ڕووبەڕووی خەسارێکی گەورەی ئابووریی دەبێتەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها بە تۆمەتبارکردنی ڕێژیمی ئێران بە هێرشی دڕۆنی بۆسەر بنکە و بارەگا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتی: ئەم هێرشە دڕۆنییانەی ئێران لەلایەن ئێمەوە بێوڵام نامێنێتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە لەهەمبەر هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە وتی: سەرۆککۆماری ئەمریکا ئامادەیە لە کاتێکی گونجاودا بڕیاری هێرشێکی توند و قورس بۆسەر ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە دەربکا و پێش لە هێرشەکانیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگرێ.