زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی گرووپی تاڵیبان، هۆشداری بە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەمریکا دەدا و دەڵێ: ئەگەر دەیانهەوێت لە ئەفغانستانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی نەبنەوە، دەبێ گرووپی تاڵیبان وەکوو دەوڵەتێک بە فەرمی بناسن.
زبیحوڵا موجاهید، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابول وتی: ئێمە کاتێک ڕووبەڕووی هەڕەشەکان لە خاکی ئەفغانستانەوە دەبێنەوە بۆسەر وڵاتانی جیهان کە جیهان گرووپی تاڵیبان بە فەرمی بناسێ و ئەگەر وڵاتانی جیهان ئێمە بە فەرمی نەناسن، ئێمە گەرەنتی ناکەین کە لە خاکی ئەفغانستانەوە وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی نەبنەوە.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە شەڕی چەندین ساڵەی نێوان گرووپی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی وتی: لە ڕابردووشدا کە ئێمە لەگەڵ ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی شەڕمان دەکرد، تەنیا هۆکار ئەوە بوو کە ئەمریکا گرووپی تاڵیبانی بە فەرمی نەدەناسی.
زبیحوڵا موجاهید، هەروەها وتی: کە جیهان و ئەمریکا دەبێ بۆ پاراستن و پێشگرتن لە هەڕەشەکان بۆسەر وڵاتەکانیان گرووپی تاڵیبان بە فەرمی بناسن.
جێگای ئاماژەیە کە وڵاتانی ئورووپایی بۆ بە فەرمی ناسینی گرووپی تاڵیبان، چەندین مەرجیان وەکوو پێشێلنەکردنی مافی مرۆڤ بەتایبەتی مافی ژنان داناوە، بەڵام موجاهید دەڵێ: ئیزن نەدان بە ژنان بۆ کار و داخستنی قوتابخانەی کچان، پێوەندیی بە کاروباری بەڕێوبەری نێوخوی ئەفغانستانەوە هەیە و نابێ وڵاتانی ئورووپایی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەفغانستاندا بکەن.