ڕێبەرانی سێ وڵاتی ئورووپایی “ئاڵمان، فەرانسە، بریتانیا” و هەروەها ئەمریکا، نیگەرانییەکانی خۆیان لەهەمبەر خێراتربوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەربڕی و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە بەرپرسانی تاران کردووە کە بە خێراترین کات بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ڕۆیتێرز” جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا و سێ هاوتا ئورووپاییەکەی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی “گرووپی ٢٠” بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، نیگەرانییەکانی خۆیان لەهەمبەر خێراتربوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران و بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەربڕی و داوایان لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران کرد کە بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە بگەڕێتەوە بۆ درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
گرووپی ٢٠ پێکهاتوو لە ٢٠ وڵاتی زلهێزی جیهانە لە بواری ئابووریدا کە ساڵانە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەهەمبەر گرینگترین ڕووداوەکانی جیهان بەڕێوە دەبەن و ڕێبەرانی زلهێزترین وڵاتانی جیهان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن.
هەر لەم پێوەندییەدا ئانگێلا مێرکێڵ وتی: ئێمە هیوادارین کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، بەڵام کات زۆر بە خێرایی تێپەڕ دەبێ و ئێران بەردەوامە لە بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم و ئێمە لەو هەوڵانەی ئێران زۆر نیگەرانین.
جێگای ئاماژەیە کە عەلی باقری، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران، پاش چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئێنریکە مۆرا، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسیبووی، وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە کۆتایی مانگی داهاتوودا دەسپێدەکاتەوە.