پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات بەناوی “ڕەسووڵ ئەمینی” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک ڕەسووڵ ئەمینی، ناسراو بە “ڕەسووڵە کۆڵ” پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، ، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری بۆکان بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک ڕەسوووڵ، ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، وەکوو پێشمەرگەیەکی خەباتکار هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکرات و تا ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی وەکوو پێشمەرگەیەکی ئازا و تێکۆشەر لە خزمەت ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتدا بوو و لە زۆربەی شەڕەکانی سەرەتای دەیەی ٦٠وەکوو پێشمەرگەیەکی بوێر ناوبانگی هەبوو؛ ساڵی ٦٤ی هەتاوی بەهۆی کێشەی تایبەت بە بنەماڵەکەی لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە ناوخۆی وڵات و ناوبراو تا کاتی ماڵاوایی لە ژێان بە ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی بۆکان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.