یەکیەتیی ئورووپا ڕوو بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران نابێت دەرفەتی وتووێژەکان زیاتر بەفیڕۆ بدات و ئەم دەرفەتەی دواییش بۆ ئێران زۆری نەماوە.
جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لەم باریەوە ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بروکسێل، ناوەندی یەکیەتیی ئورووپا دەربڕی و داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش کرد کە دەرفەتی زیاتر لەدەست نەدەن و لەسەر بەرنامە ناوکییەکەیان بێنە سەر مێزی وتوویژ.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوی یەکیەتیی ئورووپا لە شاری واشینگتۆن، پێتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “من دەزانم کە ئێرانییەکان بە شێوەیەک دەیانهەوێت بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ من و چەند ئەندامێکی تری شۆرای ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، وتووێژە سەرەتایییەکان دەست پێ بکەنەوە؛ من بۆ وتووێژ لەسەر ئەم بابەتە ئامادەم، بەڵام دەرفەتەکان بۆ ئێران خەریکە کۆتایییان پێ دێت و نابێت ئەم دەرفەتەش لەدەست بدەن”.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، ئێنریکە مۆرا، بەرپرسی پەروەندەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، سەردانی ئێران کرد و لە تاران داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە لە مانگی ژوئەندا سەرلەنوێ وتووێژەکان لەسەر وزەی ناوکی دەست پێبکەنەوە. هەر لەم بارەیەوە “حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان”، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە هەردوو لایەن لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە شاری بروکسێل وتووێژەکان دەست پێبکەنەوە.