لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٩١ منداڵ لە دایکانی تەمەن ١٠ هەتا ١٤ ساڵە لەدایک بوون.
ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی پێناسەی ئێران باسی لەوە کردووە کە لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی ٧٩١ منداڵ لە دایکانی تەمەن ١٠ هەتا ١٤ ساڵە لەدایک بوون.
لەو نێوەدا پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە تۆمارکردنی ٢٤٨ منداڵ، زۆرترین ئاماری “منداڵدایک”ی هەیە و پارێزگاکانی ئەهواز بە ٩٢ منداڵ، خۆراسان ٦٥، گوڵستان ٤٦، کرمان ٤٥ و تەورێز بە ٣٥ منداڵ لە پلەکانی دیکەدان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، لە ٣٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩ی هەتاوی، هەتا ١٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ، زیاتر لە ٣٦ هەزار ٥٠٠ منداڵ لە دایکانی تەمەن ١٥ هەتا ١٩ ساڵە لەدایک بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە فەرمییەکان، پەرەسەندنی هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ پەروەردەکردن و درێژەدان بە خوێندن، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاماری ئەو کچانەی کە لە خوێندن بەجێ ماون و ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە شێوەی زۆرەملێ زیاتر بووە.
”جاوید ڕەحمان” ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بە ئاماژەدان بە “منداڵهاوسەر”ی لە ئێران وتبووی، لە ئێران لەگەڵ ژنان و کچان وەکوو شارۆمەندی دەرەجە ٢ هەڵسوکەوت دەکرێ و سەرەتاییترین مافەکانیان لەبەرچاو ناگیرێ.