داربڕین لە پارێزگای ورمێ زیادی کردووە و چالاکانی بواری ژینگە داوا لە خەڵک دەکەن هاوکارییان بکەن بۆ دەسبەسەرکردنی داربڕەکان.
لە ساڵانی ڕابردوودا دانیشتووانی گوندەکانی قەراخ دارستانەکان لە پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری ڕۆژانەی خۆیان داریان دەبڕیوە، بەڵام بەپێی وتەی خەڵکی ناوچەکە ئەمساڵ بەهۆی گرانبوونی نرخی دار، ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی هەلپەرەست ڕوویان لە بڕینەوەی داری دارستانەکان کردووە کە خەڵکی ئەو ناوچە نین و زۆر بە ئاسایی بەبێ ئەوەی کەسێک گیروگرفتیان بۆ سازبکات دەستیان بە بڕینەوەی دار کردووە و بە نایاسایی دەیفرۆشن، هێزە خۆبەخشەکانی پاراستنی ژینگە هەوڵی پێشگرتن لە بڕینەوەی زیاتری دارەکان دەدەن، بەڵام نەیانتوانیوە پێشی پێبگرن.
لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ـی هەتاوییەوە دەست بەسەر ١٥ هەزار و ٢٠٠ میتر داری بڕاوەی دارستانەکاندا لە پارێزگای ورمێ گیراوە، بەڵام بڕینی داری دارستانەکان زیاتری کردووە.