دێنیس ڕاس، نووسەری بابەتێک کە لە گۆڤاری فاریەن پالیسی بڵاوبۆتەوە دەڵێ: دەبێ بەرپرسانی ئێرانی تێبگەن کە ئەگەر درێژە بە چالاکییە ناوکییەکانیان بدەن، ئەوە ئەمریکا وئیسرائیل دەتوانن بە هێرشێکی سەربازیی هەموو دامەزراوە ناوکییەکانیان لە ئێران لەنێو ببەن.
بڵاوکراوەی فاریەن پالیسی، ڕۆژی شەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بابەتێکدا لە زاری دێنیس ڕاس، ئەندامی باڵای دامەزراوەی واشینگتۆن بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نووسەری بابەتەکە دەنووسێ: ئەگەر ئێران درێژە بە چالاکییە ناوکییەکانی بدا ودیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا پشتگوێ بخات، ئەوە ئێران ڕووبەڕووی ئاکامێکی مەترسیدار دەکاتەوە و دەبێ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئاگاداری ئەوە بن کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن لە هێرشێکی سەربازییدا هەموو دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لەنێو دەبەن.
لە درێژەی بابەتەکەدا هاتووە کە تەنیا رێگەچارەی پێشگرتن لە ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی، هەڕەشەی سەربازیی لەو رێژیمەیە و ئەگەر ئێران پاشەگەز نەبێتەوە لە چالاکییە ناوکییەکانی، دەبێ هەڕشە و مەترسیی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەردامەزراوە ناوکییەکانی هەست پێبکات.
دێنیس ڕاس، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی جۆ بایدێن و نەرمی نواندنی دەوڵەتەکەی لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران لە درێژەی بابەتەکەدا دەنووسێ: ئەمریکا نابێ چی دیکە لە ئێران قەبووڵ بکات کە دڕێژە بە سەرەڕۆییەکانی بدا و دەبێ بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە ببێتەوە.
ناوبراو لە دڕێژەدا بە ئاماژە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی لەلایەن ئێرانەوە و بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ وتی: ئەم هەوڵانەی رێژیمی ئێران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە و دەبێ بە خیراترین کات پێش لەو رێژیمە بگیردرێ.