ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی”، ڕوو بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران جیددی و مەترسیدارە و دەبێت بە جیددی وەربگیردرێت.
ڕۆژی پێجنشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕۆژنامەی “جمهووریی ئیسلامی” کە سەر بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە، ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل لە چوار لاوە ئێرانی گەمارۆ داوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئاگادار کردووەتەوە کە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و بەتایبەت هەڕەشە هەواڵگری و سیخوڕییەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر ئێران مەترسیدارە و دەبێت بە جیددی وربگیردرێت.
مەسیح مەهاجری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی” لە بابەتێکدا هێرشە سایبێرییەکانی ئەم دواییانە بۆسەر دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل و نووسیویەتی: “ئەمە یەکمجار نییە کە ئیسرائیل بە زانستی سایبێری و هێرشەکانی بۆسەر ئێران لە خوڵقاندنی وەها بارودۆخێکی پڕ لە قەیران لە ئێراندا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵکوو هەردەم مەترسیی سیخوڕی و تێکدەرانە و هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە ئارا دان و دەبێت بە جیددی وەربگیردرێت”.
لە بەشێکی تری بابەتەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە پرۆسەی ئاشتیی وڵاتی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئێران و وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە و بە مەترسیدانانی ئەم پرۆسەیە بۆسەر ڕێژیمی ئێران، نووسیویەتی: لە ساڵانی ڕابردووەدا ئێمە زۆرجار لەسەر دزەکردن و نفووزی سیخوڕی و دەستپێڕاگەیشتنی ئیسرائیل بە زانیارییەکانی ئێمە و هێرشە سایبێرییەکانی بۆسەر ئێران، بەرپرسانی پێوەندیدارمان ئاگادار کردووەتەوە.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم ئەو ئاگادارکردنەوانەیان بە جیددی وەرنەگرتووە و تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکیان لە بەرانبەر ئەم هەوڵانە و هیچ دژکردەوەیەک بۆ بەرپرچدانەوەی مەترسی و هەڕشەکانی ئیسرائیل هەڵنەگیراوە.