گۆڤاری هیڵ سەر بە کۆنگرێسی ئەمریکا داوای بە فەرمی ناسینی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا.
گۆڤاری هیڵ کە سەر بە کۆنگرێسی ئەمریکایە، داوای کردووە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە شەرعییەتی سیاسیی زیاتر بە کوردەکانی سووریە و عێراق بدرێت و لە بەرامبەردا ئەرکی سەرەکیی شەڕی داعشیان پێێبسپێردرێت.
“شان کاربری” هەڵەچنی ڕاپۆرتی چاوەدێری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەرکە دەرەکییەکانی ئەمریکا، بابەتێکی لە گۆڤاری هیڵی سەر بە کۆنگرێسی ئەمریکا بڵاو کردۆتەوە و تێیدا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە کوردەکانی ڕۆژاوا و باشووری کوردستان شەرعییەتی سیاسیی زیاتریان پێبدرێت و لە بەرامبەردا ئەرکی سەرەکیی شەڕی دژ بە داعشیان پێبسپێردرێت.
گۆڤاری هیڵ ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆربەی چالاکییەکانی ئێستای گرووپی تێرۆریستیی داعش لە ناوچەکانی نزیک لە شوێنی جێگیربوونی کوردەکانی سووریە و عێراق ئەنجام دەدرێ وهەر بۆیە پێشنیاری کردووە بە پێدانی شەرعییەتی سیاسیی زیاتر، ئەرکی سەرەکیی شەڕی دژ بە داعش بخرێتە ئەستۆی کورد.
“شان کاربری” پێی وایە ستراتیژی ئێستای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش، ستراتیژێکی نوقسانە و دەشڵێ هێزە کوردییەکان بەتایبەتی لە سووریە ئەرکی گرینگیان لە شەڕی دژ بە داعش پێسپێردراوە و دەکرێت بە پێدانی شەرعییەتی سیاسیی زیاتر، هانی کورد بدەین بۆ ئەوەی گرووپی تێرۆریستیی داعش لەناو بەرن.
لە بابەتەکەی گۆڤاری هیڵدا پێشنیار کراوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پێدانی شەرعییەتی سیاسی بە کوردەکانی سووریە بگرێتە ئەستۆ.