چەکدارانی تاڵیبان، بەهۆی بڵاوکردنەوەی مووسیقی لە ڕێوەڕەسمێکی بووکگواستنەوەدا لە گوندی” سورخ ڕوود” لە هەرێمی نەنگەرهاری ئەفغانستان، هێرش دەکەنە سەر ڕێوڕەسمەکە و ١٢کەس دەکوژن و بریندار دەکەن.
یەکێک لە کەسایەتییە ڕیشسپیەکانی نەنگەرهار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، ڕۆژی شەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بە هەواڵدەریی” دی پی ئەی” ئاڵمانی ڕاگەیاندووە کە لە پێشدا چەکدارەکانی تاڵیبان ئیزنی بڵاوبوونەوەی مووسیقییان بە خەڵکی گوندەکە داوە، بەڵام دواتر چەند کەسێک لە چەکدارەکانی تاڵیبان هێرشیان کردووەتە سەر ڕێوڕەسمەکە و ٢ کەسیان کوشتووە و ١٠ کەسی دیکەشیان بریندار کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا زەبیحوڵا موجاهێد، وتەبێژی گرووپی تاڵیبان لە لاپەڕی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر رایگەیاند کە گرووپی تاڵیبان هێرشی نەکردووەتە سەر ئەو ڕێوڕەسمە و لەو پێوەندییەدا دوو کەسی گومانلێکراویان دەسبەسەر کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە پاش بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەو گرووپە بڵاوکردنەوەی مووسیقییان حەرام کردووە و هێرش دەکەنە سەر هونەرمەندە گورانیبێژەکانی ئەفغانستان و زۆربەی هونەرمەندانی ئەفغانی لە ترسی هێرشی گرووپی تاڵیبان یان ئەفغانستانیان بەجێهێشتووە یان خویانیان لە شوێنێکدا حەشار داوە.