لە درێژەی هێرشەکانی ئێسرائیل بەدژی بوونی هێزی سەربازیی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی مووشەکیدا کۆگای چەک و تەقەمەنی حیزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە دەمیشق بۆمباران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریە، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەی دەمیشق، کۆگای چەک و تەقەمەنی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی مووشەکباران کرد و لە ئاکامدا دوو سەربازیی ئەرتەشی سووریە کوژران و خەسارێکی ماددی گەورەیان گەیاندۆتە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
هەرلەم پێوەندییەدا سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ئەرتەشی سووریە ڕایانگەیاندووە کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەردەوام بە چەندین مووشەک لە باکووری ئیسرائیلەوە کۆگای چەک و تەقەمەنی هێزەکانی سەر بە ئێرانی لە شاری دەمیشق کردۆتە ئامانج.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم بارەوە ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە چەندین مووشەک کۆگای چەکوچۆڵ و تەقەمەنی حیزبوڵای لوبنان و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە دوو ناوچەی قێدسیا و ئەلدیماس لە دەمیشق کردۆتە ئامانج.