یەکەمین خولی خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتاییهات و بەم بۆنەوە ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکەمین خولی خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتاییهات و بەم بۆنەوە مامۆستایان لەگەڵ خوێندکارانی دەرچووی ئەو زانکۆیە بە ئامادەبوونی بنەماڵەکانیان ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بەڕێوە برد.
لە کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەیاندا وەکوو وەفایەک سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی کوردستانیان لە کۆبانێ کرد و ڕێزیان لە شەهیدان گرت.
شەڕڤان موسلێم، جێگری سەرۆکی زانکۆی کۆبانێ لەم بارەیەوە بە مێدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاند: “ڕێوڕەسمی دەرچووانی یەکەمین خولی ئەم زانکۆیە بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کە لە خوێندن بە زمانی دایکیی خۆیان بێبەش کرابوون، ڕێکەوت و بەسەرهاتێکی زۆر گرنگە، ئەمڕۆ ٣٢ خوێندکار لە چوار بەشی ئەدەبیاتی کوردی، فیزیک، شیمی و تاقیگە دەرچوون و لە بەڕێوەبەریی خۆسەردا کاریان بۆ دابین کراوە”.
زانکۆی کۆبانێ، لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا لەلایەن دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانەوە دامەزرێندرا و لە ڕۆژی ٣٠ی سێپتامبری هەمان ساڵدا بە دامەزرانی دوو کۆلێژی زانستی بنەمایی و کۆلێژی هونەر، بەفەرمی کرایەوە و لە ئێستادا ٦٤٠ خوێندکار لە بەشە جیاوازەکانی ئەو زانکۆیە درێژە بە خوێندن دەدەن.
هەنووکە لە کۆلێژی زانستی بنەماییی ئەو زانکۆیەدا بەشەکانی فیزیک، شیمی و بیرکاری دەخوێندرێت و هەروەها لە کۆلێژی هونەردا بابەتی گرووپە زمانییەکان و ئەدەبیاتی کوردیی دەخوێندرێت.