ئەحمەد قوربانینژاد، پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئاوایی میرشێخ حەیدەر سەربە شاری سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٧ـی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک “ئەحمەد قوربانینژاد” ناسراو بە “مام ئەحمەدی میرشێخ حەیدەری” پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاوایی میرشێخ حەیدەر سەر بە شاری سەردەشت بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام ئەحمەد لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکات و پەیوەست دەبێ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە، ناوبراو پێشمەرگەیەکی ئازا و نەترس و کەسێکی خۆشناو تێکۆشەر و ماندوو نەناس بووە، مام ئەحمەد ب پاش زیاتر لە ١٣ ساڵ پێشمەرگایەتی بەهۆی چوونە سەری تەمەنی بە ئیزنی حیزب گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێش وەک کەسێکی نیشتمان پەروەر، درێژەی بەژیانی خۆی دا و وەک کەسێکی پاک و دڵسۆز مایەوە. مام ئەحمەد کەسێکی خۆشەویستی ناوپێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان وخزم و کەسوکاری میرشێخ حەیدەردەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.