وەزیری مافی مرۆڤ و کاروباری یاسایی دەوڵەتی یەمەن بەئاماژە بە کوژرانی سەدان کەس لە پارێزگای مەرئەب وئاوارەبوونی هەزاران کەس لەو پاریزگایە بەهۆی هێرشی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە کۆتایی بە هێرشەکانی میلیشیا حووسییەکان بێنن.
ئەحمەد عەمران، وەزیری مافی مرۆڤ و کاروباری یاسایی دەوڵەتی یەمەن، ڕۆژی هەینی ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی سەبا ڕایگەیاند کە هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی لە پارێزگای مەرئەب بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکانە و ئەم هێرشانە بە جینایەتی شەڕ دێتە ئەژمار.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە هەوڵەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک لە پارێزگای مەرئەب وتی: ئەو هێرشانە درێژەی جینایەتی ئەو گرووپە تێرۆریستییەیە بەدژی هاووڵاتییانی یەمەن کە بە بڕیاری بەرپرسانی ئێران بەرێوە دەچێ.
ئەحمەد عەمران هەروەها بە هەواڵدەریی “سەبا”ی ڕاگەیاند کە میلیشیا حووسییەکان لە دوایین هێرشی خۆیاندا بە مووشەکی بالستیک هێرشیان کردۆتەسەر ناوچەی ئەلجەرشە لە ڕۆژئاوای شاری ئەلجوبە و لە ئاکامدا ٤ خانوو و مزگەوتێک بە تەواوەتی لە نێوچوون و کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە کوژران و برینداربوون.