وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، گەمارۆی خستووەتە سەر فەرماندەیەکی دیاری بەشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سپای پاسدارن و سێ کەسی دیکەی نزیک لە سپا و دوو کۆمپانیای دیکە کە پێوەندیی لەگەڵ بەشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سپادا هەبووە.
ڕۆژی هەینی ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سەعید ئاغاجانی فەرماندەی پلەبەرزی بەشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سپای تێرۆریستی پاسداران، یوسف ئەبوتالبی، عەبدوڵا مێحرابی و محەممەد ئیبراهیم زەرگەر تێهرانی و کەسێکی دیکە بە ناوی میلاد جەهانی و کۆمپانیایەک کە لەگەڵ سیستمی مووشەکی سپای پاسداراندا لە پێوەندیدا بوو، لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها دوو کۆمپانیای ئێرانیی دیکە بە ناوەکانی “کیمیا پارت سی وان” و “ئەوجێ پەروازێ ما دوو نەفەر”، بەهۆی ئەوەیکە لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران و میلیشیاکانی قدسی سپادا لە پێوەندیدا بووە، خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، ئەو وەزارەتخانەیە باسی لەوەش کرد کە، “مێحرابی” لەگەڵ ڕێکخراوی “جیهادی خودکەفای”ـی هێزی ئاسمانی سپای پاسداران پێوەندیی هەبووە و “ئەبوتالبی”ـیش یەکێک لە ئەندامانی کۆمپانیای “کیمایا پارت سی وانە” کە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
جێی ئاماژەیە کە، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەو کەس وکۆمپانیاگەلەی کە گەمارۆی خستوونەتە سەر، هەموویان ئەندامی سیتمێک بوونە کە هاوکاریی گرینگیان بە بەرنامەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی سپای پاسداران کردووە.