مایک پێنس، جێگری سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا دەڵێ: ئیبراهیم ڕەئیسی دەبێ بە تاوانی جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی و کوشتنی بەئەنقەست دادگایی بکرێ و خەڵکی ئێران دەبێ ئەو جینایەتکارە لەسەر کار لاببەن.
کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای ئێستا و پێشووی دەوڵەت و کۆنگرەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکدا لەژێر ناوی ئێرانی ئازاد، سەرەڕای تۆمەتبارکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بە جینایەت بەدژی مرۆڤایەتی، پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵک بەدژی حکوومەتی ئێران کرد.
مایک پێنس لەو کۆنفرانسەدا بەئاماژە بەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە لاوازترین ئاستی دەسەڵاتداریی خۆیدایە و دەوڵەتی بایدێن دەبێ بەو پەڕی گوشارەوە ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە و هەرجۆرە ئاڵوگۆڕێک لە ئێران و ڕووبەڕووبوونەوە دەبێ لەلایەن خەڵکەوە بکرێ و هەموو ئاماژەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە خەڵکی ئێران داوای ئاڵوگۆڕ لە سیستمی دەسەڵاتداریی ئێران دەکا و ئێمەش وەکوو ئەمریکا دەبێ پشتیوانییان بکەین.
ناوبراو ڕووبە خەڵکی ئێران وتی: خەڵکی ئەمریکا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بۆ پێکهێنانی کۆمارێکی دێموکراتیک، سکۆلار و بێ چەکی ناوکیی دەکا.
مایک پێنس هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی دەورونەخشی لە کوشتنی بەکۆمەڵی دژبەرانی سیاسیی ڕێژیمی ئێران لە چەند دەیەی ڕابردوو مەحکووم کرد و وتی: خەڵکی ئێران دەبێ ڕەئیسی لەسەر کار لاببەن و بەهۆی جینایەتەکانی بەدژی مرۆڤایەتی دەبێ دادگایی بکرێ و بە توندترین شێوە سزا بدرێ.