“کازم مووسەوی” جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکدا ڕاگەیاندووە: ئێمە عێراق بە وڵاتێکی دۆستی ڕێژیم دەزانین، بەڵام، نابێ بەم شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا بکات.
کازم مووسەوی هەروەها ڕایگەیاندووە: ئێران 20 میلیارد دۆلار قەرزی لەسەر وڵاتانی عێراق، ڕووسیە و چین هەیە و ئەگەر ئەو قەرزانەمان بۆ بگەڕایێتەوە، خەڵکەکەمان تووشی ئەو هەموو کێشە و هەژارییە نەدەبوون، مووسەوی لەدرێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە عێراق ٧ میلیارد دۆلاری ئێران قەرزارە و بەهۆی نەدانەوەی ئەو قەرزەش، ژیان لە ئێران سەخت بووە.
کازم مووسەوی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە ئەگەرچی تا ئێستا وادەی دانەوەی قەرزەکان لەلایەن عێراقەوە دیارینەکراوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەردەبێ ئەو قەرزە بگەڕێنێتەوە. جێی باسە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە بە تایبەت عێراق ڕەنگدانەوەی نەرێنی بووە.
شایانی باسە کە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق و سکاڵای دەوڵەتی عێراق لە ئێران بە هۆی کێشەی ئاو نیشان دەدات کە ئەوهەموو تێچووەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق خەرجی ئاژاوەگێریی و شەر و خوێنڕشتنی کردووە تەنیا بەهەدەردانی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانە.