هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی مێراو سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێڕانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەوتای ، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە گوندی “مێراو”ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی “شوعەیب مەحموودیان”، تەمەن ٤٣ ساڵ و کوڕی جەعفەر و دەسبەسەریان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو؛ زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر “شوعەیب مەحموودیان” کە خێزاندار و باوکی پێنج منداڵە، دەستبەسەریان کردووە و دواتر ماڵەکەشیان پشکنیوە.
تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە “شوعەیب مەحموودی”، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی جارێکی دیکە لەلایەن ئیتڵاعاتی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە دەسبەسەر کران و دوای دوو مانگ بەندکردن بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کران.