وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە فڕۆکەی F35بە تورکیە نافرۆشیت، بڕیارەکە یەکلایی کراوەتەوە و گەڕانەوەی بۆ نییە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە فڕۆکەی 35F بە تورکیە نافرۆشێت و “ئەنتۆنی سیمیلروس”، وتەبیژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە دۆسیەی فرۆشتنی فڕۆکەی 35F بە وڵاتی تورکیە داخراوە و وڵاتی تورکیە لەو ڕێککەوتنەدا دەرکراوە و گەڕانەوەی بۆ نییە”.
وتەبێژی پێنتاگۆن لە دڕیژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای داخستنی دۆسیەکە، ئەمریکا لەوبارەوە هیچ بەربەستێکی بۆ دانیشتن و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی تورکیە نییە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەر داوای بەرپرسانی وڵاتی تورکیە، بڕیارە لە داهاتوودا لە شاری “ئەنکارا” بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی دەرکردنی تورکیە لەو ڕێککەوتننامەیە، کۆمەڵێک کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و وڵاتی تورکیەدا بەڕێوە بچێت.
هەر لەم پێوەندییەدا پێشتر کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ فرۆشتنی فڕۆکەی F16 لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بە وڵاتی تورکیەی هەڵپەسارد.