دایکی پێشمەرگەیەک و خوشکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی “سارا ڕەحیمزادە” بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە لە شاری بۆکان بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو سارا ڕەحیمزادە، دایکی کاک دیاکۆ دانا پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خوشکی شەهید سمایل ڕەحیمزادە، ناسراو بە “مامۆستا ئازاد” شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە لە شاری بۆکان، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کەسوکار و ڕێبای پیرۆزی کوڕ و براکەی کرد و دڵە گەورەکەی لە لیدان کەوت.
خاتوو سارا یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانەی کوردستان بوو کە لەسەر ڕێبازی برا شەهیدەکەی سوور بوو، تا کاتی ماڵاوایی یەکجاری دڵسۆزی ئەو حیزبی دێموکرات و ئەو رێبازە پیرۆزە بوو.
لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی خاتوو سارا و هەموو کەسوکار و خەڵکی ناوچەی بۆکان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.