هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی ئەوەیکە هەواڵی هێرشی سایبێری بۆ سەر بەنزینخانەکان بڵاو نەبێتەوە، هەڵمەتی دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی دەستپێکردووە و چەند ڕۆژنامەنووسی دەسبەسەر کردووە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەماوەی ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا کە هێرشی سایبێری کراوەتە سەر بەنزینخانەکانی هێشتا نەیتوانیوە ئەو دۆخە کۆنتڕۆڵ بکا و هێشتاش هەزاران بەنزینخانە لە تەواوی ئێران لەکار کەوتووە و تا ئیستا نەکەوتوونەتەوە کار، هەر بەو هۆیەوە بۆ ئەوەیکە ئەو هەواڵە زۆرتر بڵاو نەبێتەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵمەتی دەسبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسانی دەست پێکردووە و تا ئیستا چەند ڕۆژنامەنووسێک بێ سەروشوێن کراون و چارەنووسیان دیار نییە.
لە راپۆرتە ناوخۆییەکاندا هاتووە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی بە جلی ئاساییەوە لە نزیک بەنزینخانەکان دوور لە چاوی خەڵک خۆیان حەشار دەدەن بۆئەوەی چاوەدێری ئەوە بکەن کە ڕۆژنامەنووسان دیمەنی ئەو بەنزیخانانە بگوازنەوە و دەسبەسەریان بکەن، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەو هەواڵە لە میدیا جیهانییەکان و ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە چڕی باسی لیوە دەکرێ.