هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٦ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بەرێژیمی ئێران لە یەمەن و لە ئاکامدا ١٠٥ میلیشیای حووسی کوژراون.
هێزی هاوپەیمانی عەرەبیی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٦ هێرشی ئاسمانییان کردۆتەسەر بنکە و مۆڵگەی میلیشیا حووسییەکان لە دوو ناوچەی نزیک لە شاری مەرئەب و لە ئاکامدا ١٠٥ میلیشیای حووسی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون و ١٣ ماشینی سەربازیش بە تەواوەتی لە نێو چووە.
لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە هێرشەکانمان بۆ سەر دوو ناوچەی ئەلکەسارە لە ڕۆژئاوای مەرئەب و ئەلجوببە لە ٥٠ کیلۆمیتری باشووری مەرئەب بووە و لە ئاکامدا خەساریکی گەورەمان گەیاندۆتە میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران.
جێگای ئاماژەیە کە میلیشیا حووسییەکان بە بێ گوێدان بە داواکارییەکانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ ڕاوەستانی شەڕ و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هێرش دەکەنە سەر شوێنە گشتییەکانی یەمەن و خەڵکی مەدەنیی ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج.