ئیبراهیم ڕەئیسی، هێرشی سایبێری بۆ سەر سیستمی زیرەکی بەنزینخانەکانی ئێران بە سازکردنی ئاژاوە و بشێوی ناودەبا و دەڵێ: دوژمنان و نەیارانی ئێران دەیانهەوێت خەڵکی ئێران توڕە بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەاڵدەریی ئیرنا، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە کاردانەوە بە هێرشی سایبێری بۆ سەر سیستمی زیرەکی بەنزینخانەکانی ئێران وتی: دەبێ وەزارەتی نەوت، خەسارەکانی ئەو هێرشە سایبێریە بۆ سەر بەنزینخانەکانی ئێران قەرەبوو بکاتەوە.
ناوبراو هەروەها وتی دامودەزگا پێوەندیدارەکان لەهەمبەر شەڕی سایبێری و ڕووبەڕووبوونەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئامادە باشیدا بن.
سەرەڕای ئەوەیکە گرووپێکی هەکێر بەناوی” چۆلەکەی وەحشی” بەرپرسایەتیی ئەو هێرشە سایبێرییەی وەئەستۆ گرتووە، ئەبوولحەسەن فیرووزئابادی، بەرپرسی شۆرای باڵای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ئێران دەڵێ: بە ئەگەری زۆر ئەو هێرشە سایبێریە بۆ سەر سیستمی زیرەکی بەنزینخانەکان وەکوو هێرشە سایبێرییەکەی پێشوو بۆ سەر هێڵی گواستنەوەی شەمەندەفەری ئێران لە ڕێگەی وڵاتانی نەیارو دوژمنی ئێرانەوە کراوەتە سەر سیستمی زیرەکی بەنزینخانەکانی ئێران.
هەرلەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی” نیر وێری” دەڵێ: ئەو ڕووداوە بە بەرپرسانی ئێرانی سەلماند کە ئەوە تەنیا دەسپێکی هێرشێکی بەهێزی سایبێرییە بۆ سازکردنی کێشەی زۆرتر لە ئێراندا.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی زانیاری” ئینتێلی تایمز” ڕایگەیاندوە کە ئەو کەسانەی لە پشت ئەو هێرشە سایبرییەوە بوون، هێزی خۆیان بۆ سازکردنی کێشەی سیستماتیک لە نێوخۆی ئێراندا بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نیشانداوە.