هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارستانی “دێلگان”ی بەلووچستان هێرشێکی چەکدارییان کردووەتە سەر دوو لاوی بەلووچ و لە نێوانیاندا شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی هاوئاهەنگیی ناڕەزایەتییەکانی بەلووچستان (سهاب)، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزێکی تەیاری هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارستانی “دێلگان”ی بەلووچستان، هێرشێکی چەکدارییان کردووەتە سەر دوو لاوی بەلووچ و شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووتە ئاراوە.
هەوروەها ماڵپەڕی ناوەندی هەواڵدەریی “ڕەسەدی بەلووچستان” لەم بارەوەیە ڕایگەیاندووە: سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارستانی “دێلگان” هەڵیانکووتاوەتە سەر دوو لاوی کاسبکاری بەلووچ بە ناوەکانی “بەهمەن بامری هووەتی” و “مێهدی شهلی” لە دووکانەکەی خۆیاندا و شەڕ لە نێوانیاندا هاتووەتە ئاراوە و ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونە نزیک بە دوو کاتژمێری خایاندووە.
لە درێژەی ئەو هەواڵەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئاکامی ئەو شەڕەدا، حەوت کەس لە هەردوو لایەن کوژراو و بریندار هەیە کە یەکێک لە ئەفسەرە کوژراوەکانی هێزەکانی ڕێژیم بە ناوی ستوان سێهەم “مووسا نەورۆزی” ڕاگەیەندراوە.
هەر لەم بارەیەوە کەمپەینی چالاکانی بەلووچ ڕایانگەیاندووە کە پاش گەمارۆدانی دووکانی ئەو لاوە کاسبکارانە و ڕوودانی ئەو شەڕ و تێكهەڵچوونە، “بەهمەن بامری هووەتی” ناچار بە خۆکوژی بووە و “مێهدی شهلی” لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بریندار بووە.