بەرپرسی قەرارگای فەزای مەجازی سپای پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە کە سێهەمین خولی ناونووسی بەسیجی مەجازی لە پارێزگای ورمێ دەستی پێکردووە.
“نەوزەری شەریعەتپەنا” ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند: “ئەم بڕیارە بۆ داهێنان لە بەشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت دانانی بەرنامە بۆ مۆبایلی زیرەک و دروستکردنی یاری و کایەی ئیدۆلۆژیکی ئیسلامی بۆ منداڵانە و هەروەها سازکردنی کارتۆنی واتادار بەپێی ئەرزشەکانی نیزامە.”
ئامانج لەم پیلانەی سپای پاسداران، کارتێکەری لەسەر منداڵان و پەرەپێدان بە بیرۆکەکانی ڕێژیمی ئێران لە مێشکی منداڵان دایە؛ پێشتر دروستکردنی یارییەکی ئینتێرنێتی بە ناو پاسداری تێرۆریست قاسم سولەیمانی ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی دەرخستبوو کە دەیانهەوێ بەشێوەیەکی نوێ بیرۆکەی تیرۆریستیی خۆیان گەشە پێبدەن و دنیای مەجازیش بەبۆنەی کەڵکوەرگرتنی خەڵک لە مۆبایل و ئینتێرنێت ڕێگەیەکی گونجاوە.
شایانی باسە کە هاونیشتمانییانی وشیار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک خۆ لەم بەرنامانە وەرنادەن و زیرەکانە بەرپەرچی هەر جۆرە هەوڵێکی ڕێژیمی ئێران بۆ کۆیلەکردنی مێشکی منداڵان و سیخوڕی مەجازی بەسەر بەرنامە جۆراوجۆرەکان بۆ مۆبایل دەدەنەوە.