ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی زێدەڕەوییەکانیدا، بەتەمایە پلان بۆ سەپاندنی کەشێکی ئیسلامیی توندڕەو و ڕادیکاڵ بەسەر جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بسەپێنێت.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی زێدەڕەوییەکانیدا، پلان بۆ سەپاندنی کەشێکی ئیسلامیی توندڕەو و ڕادیکاڵ بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دادەڕێژێت و “سەید ئەبولحەسەن فیروزابادی”، بەرپرسی شۆرای باڵای ڕێژیمی ئێران تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕایگەیاندووە: “ناتوانین لەسەر ئەو پلاتفۆرم و بەرنامانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕۆژاوایییەکان بۆمانیان دیاری کردووە، ڕێچکەیەکی ئایینیی ئیسلامی بەڕێوە ببەین، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە پیشنیار دەکەم موسڵمانان هەوڵ بدەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەشێکی تایبەت و ڕێڕەوێکی دیاریکراو و بەبێ ناتەبایی بەڕێوە ببەن”.
هەر لەم پێوەندییەدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران زۆر جار لە قسە و وتارەکانیدا باسی لە شارەستانییەتی پێشکەوتووی ئیسلامی کردووە و مەبەستیشی لە بەکارهێنانی ئەم چەمک و دەستەواژەیە، پەرەپێدانی زێدەڕەویی و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمەیە لە ناوچەکە و جیهان دایە.
چێی ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران کەشیکی ئەمنییەتی بەسەر سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتی ئێراندا سەپاندووە و تا ڕادەیەکی زۆریش بە شێوازە جیاوازەکان بەربەستی بۆ بەکارهێنەران لەو وڵاتەدا دروست کردووە و بەشێک لە ئەپەکانیشی فیلتێر کردووە؛ هەنووکەش بە مەبەستی زێدەڕوەییەکانی خۆی و بەلاڕێدا بردنی بیر و هەستی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران، پلانێکی تری داڕشتووە و دەیهەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیدا، کەشێکی ئایینیی ئیسلامیی شیعەگەرا بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بسەپێنێت.