هێزە ئاوییەکانی ئەمریکا و بەحرەین لە مانۆڕێکی هاوبەش لە ئاوەکانی کەنداوی فارسدا بۆ یەکەمجار لە جۆرێک لە دڕۆن کەڵکیان وەرگرتووە کە تایبەت بە ئۆپەراسیۆنی ئاوییە.
هێزی پێنجەمی ئاویی ئەمریکا کە ناوەندی فەرماندەییەکەی لە بەحرەینە، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە پلانی ئەوەی هەیە کە هێزێکی تایبەت لە یەکە دڕۆنییەکان و تەکنۆلۆژیای مێشکی دەستکرد بەکار بێنێ بە ناوی “هێزی زەربەتی ٥٩” و یارمەتی لە تواناییەکانی وڵاتانی ناوچەکەش وەردەگرێ.
بە وتەی کارناسانی سیاسی توانای نیزامیی ئەمریکا لە ناوچەکە ڕۆژبەڕۆژ قایمتر دەبێ و ئەگەری تێکهەڵچوونی نیزامی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، بارودۆخەکەی هەستیارتر کردووە و کێشەکەی گەیاندووەتە ئاوەکانی ناوچە و لە لایەکی دیکەشەوە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکان لەنێوان وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانی نیگەران کردووە.
لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە، ئیسرائیل و ئێران یەکتر بەوە تاوانبار دەکەن کە هێرشیان کردووەتە سەر بەلەم و کەشتیەکانی یەکتر لە ئاوەکانی ناوچەدا و کارناسان ئەم شەڕە بە شەڕی سێبەر ناو دەبەن کە گەیشتووەتە ئاوەکانی ناوچەکە.
وتەبێژی هێزی ئاویی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئامانج لەم مانۆڕە تاقیکردنەوەی هێزی ئاویی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەروەها ئامادەبوون بەرانبەر بە هەر جۆرە هێرش و کاری تێکدەرانە لە ئاوەکانی ناوچەکەیە و ئێمە هەمووکات وشیار و ئامادەین و ئەگەر کێشەیەک بۆ هێزەکانمان و هاوپەیمانانمان لە ناوچەکە بێتە ئاراوە، بە جیددی وڵامی دەدەینەوە.”
شایانی باسە کە بەحرەین بەهۆی نزیکی لە گەرووی “هورموز” کە جێگەیەکی ستراتێژیک بۆ هەر دوو هێزی ئێران و ئەمریکایە، گرینگییەکی تایبەتی بۆ ئەمریکا هەیە.