لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨، هێرشی سایبێری کراوەتە سەر تۆڕی زیرەکی دابەشکردنی بەنزین لە ئێران و وەزارەتی نەوتی ڕێژیمیش ئەم ڕووداوەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزڵوەر، بەنزینخانەکان لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران تووشی ڕاوەستان بوون. “هۆمایون ساڵحی” بەرپرسی ئەنجومەنی ناوەندیی شوێنەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی، ئەو هێرشە سایبێرییەی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی: ”هۆکاری ئەو کێشەیە هێرشی سایبێری لە سەرتاسەری ئێران بۆسەر پۆمپی بەنزینەکان بووە”.
بەپێی هێندێک سەرچاوەی نافەرمی، پێدەچێت کە گرووپی هاککەری “عەدالەتی عەلی” بەرپرسایەتی ئەو هێرشە لەئەستۆ بگرێ. هاوکات بەشێک لە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە تەواوی سیستمی زیرەکی دابەشکردنی بەنزین لە ئێران هاک کراوە و زۆربەی بەنزینخانەکان لەکار کەوتوون.
ئەو ڕووداوە لە بەرەبەری دووهەمین ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە مانگی خەزەڵوەڕی ساڵی ٩٨ هاتووەتە ئاراوە؛ دوای گرانبوونی نرخی بەنزین لە خەزەڵوەری ٩٨ سەرەتا خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە گرانیی سەرسووڕهێنەری بەنزین ڕژانە سەر شەقام و دواتر خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ درێژەی کێشا و نزیکەی ١٥٠٠ کەس لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لەو خۆپیشاندانانەدا کوژران.