ئەمریکا بەدوای پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو بەرانبەر بە ئێرانە و هەوڵەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو دژ بە ئێران وەگەڕ خستووە.
“جەیک سالیوان”، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ سێ وڵاتی ئوروپایی دژ بە ئێران وەگەڕ خستووە.
سالیوان ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەر، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە سەفەری سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ ئورووپا کرد و ئامانج لەو سەفەرەی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی وەک بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان دژ بە ڕێژیمی ئێران زانی و لە وڵامی ئامانج لەو چاوپێکەوتنانەدا وتی: “جۆ بایدێن” لەگەڵ هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی ئەمریکا واتا بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان کە بەشداری ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە “بەرجام”ــن، لە هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو دژ بە سەرەڕۆیی و زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا “جەیک سالیوان” ئاماژەی بەوە کرد کە کاتی ئەوە هاتوو کە بەرانبەر بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەڵوێستێکی یەکگرتوومان ببێ و دانیشتنەکانی ڤییەن دەتوانێ ئەم دەرفەتە ساز بکات و ئێمە ئەگەر پێویست بێ ڕێگاکانی دیکە بێجگە لە بەرجام لە بەرچاو دەگرین و ئەو بڕیارە بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە پەیوەستە.
سالیوان لە کۆتاییدا دەڵێ: ئێمە بەرانبەر بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانین و بە وردی هەڵسوکەوتی ئەو ڕێژیمە لە بەرچاو دەگرین و دەبێ ئەو خاڵانەی لە بەرجامدا هاتوون بە شێوازێکی جیددیتر بەڕێوە بچن، تاکوو دەرفەتی دانیشتن و چارەسەری یەکجارەکی کێشەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بڕەخسێت، چوونکە لە ئێستادا ئێمە لە بەرجامدا نەماوین و دەبێ بەدوای ڕێککەوتنێکی باشتر بین.