هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار، بە ناوی گوڵاڵە مورادی، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ مانگ لە دەسبەسەرکرانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، چارەنووسی هەروا ناڕوونە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی “دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر” بێبەری کراوە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی دادگایی بۆ ناوبراو بەڕێوە نەچووە.
گوڵاڵە مورادی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، سەرەڕای ئەوەیکە ئازار و ئەشکەنجە دراوە، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاریش بووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی “مەتین بەزازی” و “تاهیر بەزازی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.
ئەو سێ هاووڵاتییە، پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و کوڕەکانی ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان، ئازاد کران.
مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، گوڵاڵە مورادی پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.