وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سکاڵانامەیەکی فەرمی ئاراستەی دادگای نێونەتەوەیی لەهەمبەر کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئاو کردووە.
“مەهدی ڕەشید ئەلحەمدانی” وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، کە بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسی سەرچاوە ئاوییەکان سەردانی قاهیرەی کردووە، باسی لەوە کردووە کە ئەو وەزارەتخانەیە بەدواداچوون لەسەر داخستنی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەکا و وتی: سەبارەت بە کێشەکانی ئاو لەگەڵ تورکیە بە ئاکامێکی باش گەیشتووین و لەو بارەوە زیاتر بەرەوپێش دەچین، بەڵام کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە داخستنی سەرچاوە ئاوییەکانی کە پێشتر دەڕژانە نێو خاکی عێراق.
هەروەها ناوبراو باسی لەوەش کرد کە، بە پێچەوانەی تورکیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشەیەکی زۆرمان هەیە و بەهۆی داخستی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن ئەو رێژیمەوە، عێراق زۆرترین زیانی پێگەیشتووە. لەو پێوەندییەدا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە، سەرۆککۆمار و پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە کە سکاڵای فەرمی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دادگای نێونەتەوەیی تۆمار بکەن.
شایانی باسە کە بەهۆی دروستکردنی دەیان بەنداو لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسەر ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە نێو خاكی هەرێمی کوردستان و عێراق، کێشە و گرفتی زۆر بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دروست بووە و کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی سیاسی و وەکوو کارتێکی گوشار لەو سەرچاوە ئاوییانە کەڵکاژۆ وەردەگرێت.