ئاخوندێکی لایەنگری ڕێژیمی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی وڵاتی ئازەربایجانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی وڵاتی ئازەربایجان، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاخوندێکی لایەنگری ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئازەربایجان بە ناوی “ئەهلئیمان ڕۆستەمئوف”، پێشنوێژی مزگەوتی “حاجی جەواد” لە شاری باکو، پێتەختی کۆماری ئازەربایجان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج ئاخوندی دیکەی خەڵکی وڵاتی ئازەربایجان و لایەنگری ڕێژیمی ئێران، کە لە شاری “قوم”، پێتەختی ئایینیی ڕێژیمی ئێران بڕوانامەی ئاخوندییان وەرگرتووە، بە هۆکاری سیخوڕیکردن بۆ ڕیژیمی ئێران لە وڵاتی ئازەربایجان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراون و پەروەندەی سیخوڕییان بۆ کراوەتەوە.
هەروەها لە ماوەی ڕابردووەدا، کۆماری ئازەربایجان چەندین ماڵپەڕ و ناوەندی پڕوپاگەندای سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لەژێر ناوی بانگەشە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەست و نووسینگەی نوێنەری تایبەتی خامنەیی لە شاری باکو، پێتەختی ئەو وڵاتەش داخست.