لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٣٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران ٣٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەی نارەزایەتیی کۆمەڵێک لە کارمەندانی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی، تاران، زەنجان، هەمەدان، ئیسفەهان، قوم، نەهاوەند، ئەراک، بابۆل، بروجێرد، مەلایر، چادگان، ورمێ، پاوە، فیرووزئاباد، کرمان، خەنداب، شێروان، مەیبۆد، لەنجان، ساری، ڕۆمێشکان، شەهری کورد، تەفت، ڕەزەن، تویسرکان و ئیسلامشار لە بەردەم بینای دادگوستەری شارەکانی خۆیان، خانەنشینکراوانی پێشەی پۆڵا لە کۆمەڵێک لە شارەکانی ئێران لە بەردەم بینای سندووقی خانەنشینی پیشەی پۆڵا لە تاران، نەخۆشانی نەخۆشی تالاسێمی لە بەردەم بینای وەزارەتی تەندروستی لە تاران، مامۆستایانی شاری ڕەفسەنجان لەبەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە بەڕێوە چوون.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە وەرزشوانانی پارائۆلەمپیکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاری دامغان لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە، شوفێر پاسەکانی عەسەلوویە و کەنگان لەبەردەم پاڵاوگەی نەوتی عەسەلوویە، گەنجان و لاوانی بێکاری شووشتەر لە بەردەم بینای ئیدارەی کشتوکاڵی کاروون و کۆمەڵێک لە کرێکارانی بازاڕچەی شنووری شێخ سڵە لە سەلاسی باوەجانی لەو بازاڕچەیەدا بەڕێوەچوو.