پاش نیشاندانی گڵۆپی سەوز لەلایەن ڕووسیەوە لەهەمبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە سووریە، ئەرتەشی ئیسرائیل بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی سووریە و هاوپەیمانەکانی لە قۆنێیتەرە کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل پاش نیشاندانی گڵۆپی سەوز لەلایەن ڕووسیەوە، دوو ناوەندی سەربازیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لە گوندی” ئەلکرووم” لە شاری” ئەلبەعس” سەر بە پارێزگای قۆنێیتەرە، کرایە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل و خەسارێکی گەورەی ماددیان گەیاندە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڤلادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک کە ئیسرائیل ئازادانە درێژە بە هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بدات.