ڕابێرت مالی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا ڕێگەچارەگەلێکی دیکە جیاواز لە دیپلۆماسی دەگرێتەبەر و ئێزن نادا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ببێتە خاوەن چەکی کۆمەڵکوژ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا، ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئیران، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئەمریکا پێبەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە وتی: بەڵام ئەگەر ئێران ئامادە نەبێ درێژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بدات، ڕیککەوتنی ناوکیی پێشوو بۆ وتووێژ هیچ بایەخێکی نامێنێ و ئەمریکا ناچار دەبێ لە ڕێگەگەلێکی دیکەوە پێش لە ڕێژیمی ئێران بگرێ و ئیزن نەدات کە ئەو ڕێژیمە ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
ناوبراو لە دڕێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا درێژە بە دیپلۆماسی و وتووێژە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا و هەموو رێگەچارەکان بۆ پێشگرتن لە ئێرانێکی ناوکیی دەگرێتەبەر.
ڕابێرت مالی لە دڕێژەی کۆنفرانسەکەدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئەمریکا دژایەتی وتووێژەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی لە بروکسێل ناکات، وتی: نابێ ئەم وتووێژانە زیان بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بگەینێ.