ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند کە ئێران لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی زیاتر لە رێژەی دیاریکراو، بردۆتە سەرێ و ئۆرانیۆمە پیتێندراوەکان کۆگا ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران لەم دواییانەدا گەیشتۆتە ئاستێک کە لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، پیتاندنی ئۆرانیۆمی بەشێوەیەکی بەرچاو بردۆتە سەرێ و گەیشتووەتە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ و تەنیا لە سەتا ٣٠ ماوە کە بگاتە ڕێژەی لە سەتا ٩٠ و ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەستی بە بۆمبی ناوکیی ڕادەگا و بەرهەمی دێنێ.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەم هەوڵانی ئێران بۆ کۆگا نەکردنی ئۆرانیۆمی بە ڕێژەی لە سەتا ٢٠ پیتێندراو و زیادکردنی ئەو ڕێژەیە بە سانتریفیوژەکان بۆ دووبارە پیتاندن، یارمەتی بە ئێران دەگەیێنێ کە زیاتر هەوڵی پیتاندنی ئۆرانیۆم بە ڕێژەیەکی زۆرتر بدات کە ئەم هەوڵانەی ئێران لەلایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە مەحکووم کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە رێژیمی ئێران لەماوەی ڕابردوودا بە دەیانجار داوای چاوەدێری لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی ڕەتکردۆتەوە و ئیزنی چاوەدێری بە لێکۆڵەران نادا و بەردەوام داوای لاچوونی گەمارۆکان لەسەر ئێران دەکات.