وەزارەتی نەوتی ڕێژیمی ئێران، بانگەشەی ئەوە دەکا کە، بەو زووانە ئێران دەبێ بە یەکێک لە هاوردەکارانی گاز لە جیهاندا، لە کاتێکدا کە ئێران خۆی لەدوای ڕووسیە دووەمین سەرچاوەی گازی سروشتیی لە جیهاندا هەیە.
موحسین خوجەستەمێهر، بەرپرسی گشتیی کۆمپانیای نەوتی ڕێژیمی ئێران، وتی: بۆ گەشەی بەرهەمهێنان و پێشگرتن لە دابەزینی ورووژمی مەیدانە گاز و نەوتییەکانمان، پێویستیمان بە چەندین میلیارد دۆلار سەرمایە هەیە، ئەگینا دەبێ بەردەوام گاز هاوردە بکەین و ئەگەر پڕۆژەی نوێ لە مەیدانە گازی و نەوتییەکان جێبەجێ نەکرێت، هەتا چەند ساڵی دیکە بەرهەمی گازی نێوخۆیی وڵامدەری پێداویستییەکانی ئیران نابێ.
هەروەها ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە، بەبێ دابینکردنی سەرمایە تا ساڵی ١٤٠٤، ڕێژیمی ئێران دەبێ گاز هاوردە بکا و بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی دابەزینی ورووژمی گاز بۆ مەیدانەکانی نەوت و گاز لانیکەم پێویستیان بە ٥٤ میلیارد دۆلار سەرمایە هەیە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران لەدوای ڕووسیە دووەمین سەرچاوەی گازی سروشتیی لە جیهاندا هەیە و لە ساڵەکانی ڕابردوودا و بەهۆی ناکۆکیی نێوان ئەو ڕێژیمە و جیهان لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی، کۆمپانیا بیانییەکان لە پڕۆژەکانی تایبەت بە گەشەی مەیدانە نەوتی و گازییەکانی ڕێژیمی ئێران چوونەتە دەرەوە.