لە درێژەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل، بەرپرسی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیم جارێکی دیکە بە توندی هەڕەشەی لە وڵاتی ئیسرائیل کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، عەلی شەمخانی بەرپرسی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا جارێکی دیکە بە توندی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردەوە و ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئەو وڵاتە دەبێ چاوەڕێی وڵامێکی توندتر بێت.
پێشتر بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو کە ئیسرائیل زیاتر لە یەک و نیم میلیارد دۆلاری بۆ لێدانی بنکە و دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران تەرخان کردووە. لە وڵامی ئەم هەڕەشانەی بەرپرسانی وڵاتی ئیسرائیل، عەلی شەمخانی بەرپرسی باڵای ئاسایشی نەیەوەیی ڕێژیمی ئێران، لە لاپەڕەی تیوتێتری خۆیدا بە زمانەکانی فارسی، ئیگلیزی، عێبری و عەرەبی، هەڕەشەی توندی لە ئیسرائیل کردەوە و ڕایگەیاندووە: ئیسرائیل لەجیاتی ئەوەیکە بوددجەی یەک و نیم میلیارد دۆلاری بۆ لێدانی بنکە و دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران تەرخان کردووە، هەر لە ئێستاوە لە بیری قەرەبووکردنەوەی ئەو دەیان هەزار میلیارد دۆلارە بێت کە ئێران لە وڵامی هەر چەشنە جموجووڵێکی ئیسرائیلدا دەیبێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەیان لە یەکتر کردووە و سەرەڕای ئەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر هێزە میلیشیایی و تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و بەتایبەت لە وڵاتی سووریەدا و خەسارێکی زۆریان بە ڕێژیم و هێزەکانی گەیاندووە، لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا ڕێژیمی ئێران تەنیا هەڕەشەی کردووە و لە کردەوەدا نەیتوانیوە هیچ جووڵەیەک دژ بە ئیسرائیل بکات.