گرووپی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە بە پێچەوانەی کۆبوونەوەکەی مسکۆ، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان کە لە تاران بەڕێوە دەچێت، بەشداری ناکات.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئاریان نیوز”، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، گرووپی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە هیچ نوێنەرێکی تاڵیبان لە کۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان کە بڕیارە ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بەشداریی دە وڵاتی دراوسێی وڵاتی ئەفغانستان لە شاری تاران بەڕێوە بچێت، بەشداری ناکات.
هەروەها “هەواڵدەریی فارس” سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەوەیە ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وەزیرانی کاروباری دەروەی وڵاتانی پاکستان، تورکمەنستان، تاجیکستان و ئوزبەکستان ئامادە دەبن و وەزیری کاروباری دەروەی وڵاتی چینیش لە ڕێگای ئانڵاینەوە بەشداری دەکات و تاکوو ئێستاش ڕوون نییە کە وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ڕووسیە بەشداری دەکات یان نا.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە تاکوو ئێستا هیچ وڵاتێکی جیهان، ئیمارەتی ئیسلامیی تاڵیبانی لە ئەفغانستان بە فەرمی نەناساندووە و پێشتریش بەشێک لە ڕۆژنامەکانی چاپی ئێران، بە فەرمی ناساندنی ئیمارەتی ئیسلامیی تاڵیبان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە هەڵەیەکی ستراتیژی و پەڵەیەکی ڕەش بۆ ئەو ڕێژیمە زانیبوو.
هەروەها ڕۆژی شەممە، باڵوێزی ڕێژیم لە شاری کابول لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی گرووپی تاڵیبان کۆ بوونەتەوە و لەو کۆبونەوەیەشدا باڵوێزی کۆماری ئیسلامی بەڵێنی بە تاڵیبان داوە کە ئێران هاوکاریی ئابووریی ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان دەکات.
جێی ئاماژەیە کە ئەم پێوەندییە بەراییانەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی تاڵیبان، نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت ئامادەکاریی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری دەسەڵاتی تاڵیباندا بکات و چاوەدێرانی سیاسیش پێیان وایە کە ڕێژیم دەیهەوێت گرووپێکی نوێی میلیشیایی شیعە لەو وڵاتەدا بۆ دەستێوەردانەکانی خۆی دروست بکات.