هاوکات لەگەڵ گوشارەکان بەدژی ڕێژیمی ئێران بۆ گەڕانەوەی بۆ بەرجام، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیم وتی: تاران پێبەند دەبێ بە بەڵێنەکانی، بەڵام ئەمریکا و ئورووپا ناتوانن هیچ بڕیارێک بدەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “فارس” ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، وتی: سیاسەتی دەرەوەی ئێران تەعاموولکردنە لەگەڵ جیهاندا و بۆ چەندەمین جار بانگەشەی ئەوە دەکا کە کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک ئابووری خۆی بە دانوستانەکانی بەرجامەوە گرێ نەداوە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران باس لە داڕمانی ئابووری ئێران دەکەن و دۆخی ژیانی هاووڵاتییان لەوپەڕی خراپبوون دایە.
کاردانەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە حاڵێکدایە کە، گوشارەکانی ئەمریکا و ئورووپا بەدژی ئەو ڕێژیمە زیادی کردووە و ئەمریکا و ئورووپا زۆر بە جیددی داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەن کە دەبێ بە زووترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی دانووستانەکانی بەرجام و پێبەندی هەموو بەڵێنەکانی خۆی بێ و نابێ بەهیچ شێوەیەک هیچ پێشێلکارییەکی ناوکیی بکا.