هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە سەدان هێرشی ئاسمانیی بە نیشاندانی گڵۆپی سەوز لەلایەن ڕووسیەوە کردۆتە سەر میلیشیاکان و ناوەندە سەربازییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڤلادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک کە ئیسرائیل ئازادانە درێژە بە هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بۆسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بدات.
هەر لەم پێوەندییەدا زێنیف ئەلکین، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتنی بێنێت و پوتین هەر دوو لایەن لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران و بارودۆخی ئێستای سووریە و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پێشگرتن لە بەرنامەی ناوکیی ئێران، وتووێژیان کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە سەدانجار هێرشی ئاسمانیی کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە سووریە، بەڵام زۆر بەکەمی ئیسرائیل بەرپرسایەتی هێرشەکانی وەئەستۆی خۆی گرتووە.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ئیسرائیلی بە دەیانجار وتوویانە ئیزنی هەڕەشەی ئەمنییەتی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل نادەن و بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە دەبنەوە.