ڕۆژنامەی” ئەزویستا” لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا داوای کڕینی چەکوچۆڵ بە تایبەتی “فڕۆکەی پێشکەوتووی شەڕکەر وهێلیکۆپتێر”ی لە ڕووسیە کردووە، بەڵام پارەی بۆ کرینی ئەو کەرەستانە نییە.
ڕۆژنامەی” ئەزویستا” ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەئاماژە بە سەردانی ئەم دواییانەی” محەممەد باقری” فەرماندەی ناوەندی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ مسکۆ لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری” ئاندرە ویرۆلۆف” کارناسی سەربازیی ڕووسیە نووسی: باقری چاوپێکەوتن و وتووێژگەڵێکی زۆری لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی ڕووسیە بۆ کڕینی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بە تایبەتی بۆ نوێژەنکردنەەی هێزی ئاسمانیی کۆن و لەکارکەوتووی ئێرانی هەبووە، بەڵام زۆربەی داواکارییەکانی ئێران بۆ کرینی چەکوچۆڵی پێشکەوتوو بەهۆی نەبوونی پارە لەلایەن ڕووسیەوە ڕەتکراوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا گۆڤاری ئەمریکایی”نشناڵ ئینترێست” لە ڕاپۆرتێکدا کە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە کردبوو کە: ئێران بە هەبوونی ٣٥٠ فڕۆکەی شەڕکەر کە دوو هێندەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی ئاسمانیی “بریتانیا”یە، خاوەن یەکێک لە گەورەترین هێزە ئاسمانییەکانی جیهانە و سەرەڕای هەبوونی فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکایی لە جۆری” ئێف ١٤، ئێف ٥ و ئێف ٤”، بەڵام فڕۆکە شەڕکەرەکانی زۆر کۆن و لەکارکەوتوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە “ئەمریکا”یە هێزی ئاسمانیی ئێران هەروەها خاوەنی فڕۆکەی شەڕکەری میگ ٢٩، بۆمبهاوێژی سۆخۆی ڕووسی و چەندین فڕۆکەی سەربازیی “جی ٧”ی چینییە کە هەموویان بەرهەمی دەیەی هەشتا و نەوەدی سەدەی ڕابردوون و کەڵکیان نەماوە.
ڕۆژنامەی” ئەزویستا”ی ڕووسی لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا لەهەمبەر هێزی ئاسمانیی ئێران دەنووسی: هێزە چەکدارەکانی ئێران بەهۆی هەڕەشەی ئێسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، پێویستیان بە بەڕۆژکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، سیستمی شوێنهەڵگری، فڕۆکەی شەڕکەری سەربازیی و تێکنۆلۆژیای شەڕی سایبێری هەیە.
ئەم ڕۆژنامەیە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە تێکهەڵچوون و ململانێی ناوچەیی و ئێران وەکوو لایەنێکی گرینگ لەم تێکهەڵچوونانە بە تایبەتی لە سووریە، پێویستی بە فڕۆکەی سەربازیی بۆ گواستنەوە، چەکی قەناس و تەک تیرهاوێژ، کەرەستەی پێویست بۆ هێزی وشکانی و فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتوو هەیە.
جێگای ئاماژەیە کە باقری، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە سەردانێکی چوار ڕۆژەدا بۆ ڕووسیە چاوپێکەوتن و وتووێژی لەگەڵ سێرگەی شویگۆ، وەزیری بەرگریی و واڵری گراسیمۆف، بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیە هەبووە.