کۆمەڵێک لە کرێکاران و شۆفێرانی بەڕێوەبەریی ڕێگاوبانی شاری مەریوان لە پارێزگای سنە و کرێکارانی شارەوانیی شاری خۆڕەماوای پارێزگای لۆڕستان بە هۆکاری کەمیی مووچەی مانگانەکانیان و بایەخ نەدان بە داواکارییەکانیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و مانیان لە کارکردن گرت.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە کرێکاران و شۆفێرانی بەڕێوەبەریی ڕێگاوبانی شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، بە هۆکاری کێشەی بیمە و کەمیی مووچەی مانگانەکانیان و بایەخ نەدان بە داواکارییەکانیان لەلایەن فەرمانبەرانی بەڕێوەبەریی ڕێگاوبانی مەریوان و بەشی گواستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرییە، مانیان گرت.
هەروەها کرێکارانی شارەداریی شاری خۆڕەماوا لە پارێزگای لوڕستان، بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی شەش مانگیان لەلایەن بەڕیوەبەریی شارەوانیی ڕێژیم لەو شارە بە هاودەستی لەگەڵ پەیمانکارە دیاریکراوەکانی ئەو شارەوانییە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
بەرپرسانی شارەوانیی ڕێژیم لە شاری خۆڕەماوا ڕایانگەیاندووە کە بە هۆکاری نەبوونی بوودجەی پێویست، مووچەکانیان دوا خراوە و ئەو کرێکارانەش لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، لە وڵامدا ڕوو بە بەرپرسانی ئەو شارەوانییە ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر شارەوانی بوودجەی پێویستی نییە، چۆنە کە بەرپرسان و فەرمانبەرە دیاریکراوەکانی ئەو شارەوانییە جیا لەوەیکە لە مووچەکانی خۆیان زۆر زیاتر وەردەگرن، دەستخۆشانەی مانگانەش وەردەگرن.