بەرپرسی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕیژیم ڕایاگەیاندووە کە: باش وایە هەموو بەشەکانی وزە سەهمیەبەندی بکرێن و تەنیا بە بەنزین قایل نەبین، بەڵکوو کارەبا، ئاو، گاز و نەوتیش دەبێ سەهمیەبەندی بکرێن.
گرانبوونی نرخی بەنزین لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕووداوە کارەسەتبارەکانی دوای ئەو کارە ئەنجام درا، گوشارێکی زۆری خستە سەر شانی خەڵکی ئێران و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و، ئێستا لە خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی ئەگەری گرانبوونەوەی دووبارەی بەنزین و گەیشتنی نرخی ئەم سووتەمەنییە بۆ لیتری ١٤٠٠٠ تمەن لە ئارادایە کە دڵنیگەرانی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.
لە مانگە سەرەتاییەکانی دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی کە بەڵێنی چاکسازی دابوو، خەڵک شایەتی بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی شتومەکی پێویستی ژیانی بنەماڵەکان و چکۆلەبوونەوەی سفرەی بنەماڵەکانیان بوون و ئێستا دووبارە کاتی گرانکردنی بەنزین هاتووەتەوە.
گەڵاڵەی وان “گەڵاڵەی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزە بۆ بنەماڵەکان” کە پیلانێکی نوێی ڕێژیمی ئێرانە بۆ گوشارخستنە سەر خەڵکی ئێران، بڕیار وایە لە مەجلیسی ڕێژیمدا پەسەند بکرێ و بڕە بەنزینیکی تایبەت بدرێتە هەر بنەماڵەیەک و ئەگەر بەکاریان نەهێنا لە بازاڕی بورسدا بیفرۆشن، کە ئەمە زۆرتر وەکوو گاڵتەجاری وایە.
“فەرەیدوون عەباسی”، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم و بەرپرسی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیس ڕایاگەیاندووە کە باش وایە هەموو بەشەکانی وزە سەهمیەبەندی بکرێن و تەنیا بە بەنزین قایل نەبین، باش وایە کارەبا، ئاو، گاز و نەوت و باقی جۆرەکانی وزەش سەهمیەبەندی بکرێن و لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر نرخی بەنزین گران ببێ ڕەنگە نرخی گونجاو لە نێوان ١٤ بۆ ٢٤ هەزارتمەن بێ.