ڕێژیمی ئێران هاوکاریی ئابووریی گرووپی تاڵیبان دەکات و ئامادەیی سەرمایەگوزاری لە ئەفغانستانی ژێردەستی تاڵیبان دەربڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئێران، ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، “بەهادور ئەمینیان” باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە ئەفغانستان لەگەڵ مەلەوی “ئەمیرخان موتەقی”، وەزیری کاروباری دەرەوەی گرووپی تاڵیبان لە شاری کابول کۆبوونەتەوە و باڵوێزی ڕێژیم بەڵێنی بە تاڵیبان داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ئابووریی ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای تاڵیبان بەڕێوە چووە و باڵوێزی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: “کێشەی ئابووری، دوژمنی هاوبەشی ئێران و ئەفغانستانە و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە کە لە ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستاندا سەرمایەگوزاری بکات”.
ئەم بەڵێنەی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران بە ئەفغانستان لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەنووکەش دەسەڵاتی ئیمارەتی ئیسلامیی تاڵیبانی بە فەرمی نەناساندووە؛ هەروەها ڕۆژی شەممە، ١ی خەزەڵوەر ڕۆژنامەی “جمهووریی ئیسلامی” وێڕای ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ئەم دواییانەی ڕووسیە و تاڵیبان، بەفەرمی ناساندنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لەلایەن ئێرانەوە بە هەڵەیەکی ستراتیژی و پەڵەیەکی ڕەشە بۆ ئەو ڕێژیمە ناودەبا و ئەم رستەیەشی کردووە بە مانشێتی خۆی.